330 کۆچبەری نائاسایی لە دەریای نێوان تورکیا و یۆنان دەستگیرکران

بەرپرسانی تورکیا دەستگیرکردنی 330 کۆچبەری نائاساییان ڕاگەیاندن کە ویستوویانە خۆیان بگەیەننە دورگەى لیسبۆس لە یۆنان.

پۆلیسی دەریاوانی ناوچەى کوچوکیا لە ڕۆژئاوای پارێزگای چانکایا دەڵێت، حەوت ئۆپراسیۆنیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کۆچبەرانە ئەنجام داوە کە هەوڵیان داوە بپەڕنەوە، دەوترێت کۆچبەرەکان خەڵکی ئەفغانستان و سوریا و ئێران و عێراقن.

لە مانگی ئابەوە، دەریای ئیجە کە تورکیا و یۆنان لێک جیادەکاتەوە ڕوبەڕووی شەپۆلێکی گەورەى کۆچبەرانی نائاسایی بووەتەوە، پۆلیسی دەریاوانی تورکیا دەڵێت کە لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا زیاتر لە 700 کۆچبەریان دەستگیرکراون، ئەو کۆچبەرانە ویستوویانە بە بەلەمی نەشیاو بۆ دەریا بەرەو یۆنان و دواتر بەرەو ئەوروپا بڕۆن.

گەشتی ئەو بەلەمە مەترسیدارانە کە زۆرجار لەلایەن قاچاخچییەکانەوە ڕێکخراوە هەزاران دۆلاری تێدەچێت، زۆرێک لە ڕێگاکەدا دەمرن، بەپێی ئاماری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، 859 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون.

بەپێی ئامارێکی کۆکراوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەراورد بە ساڵی 2015 کە یەک ملیۆن بووە، لە ساڵی 2019دا ژمارەى ئەو کەسانەى کە لە دەریای ناوەڕاستەوە خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی یەکێتى ئەوروپا دابەزیوە بۆ 172 هەزار و 301 کۆچبەر، دابەزینی بەرچاوی ژمارەکە بەهۆی ڕێککەوتنی 2016ی تورکیا و یەکێتى ئەوروپاوەیە کە بەپێی ڕێککەوتنەکە، تورکیا ڕێگری لە دەربازبوونی کۆچبەران دەگرێت و لە بەرانبەردا یەکێتی ئەوروپا سێ ملیار یۆرۆ پێشکەشی تورکیا دەکات.

سەرباری کۆنتڕۆڵی زیاتری ڕێگاکە، هێشتا هەزاران کەس دەیانەوێت ئەو گەشتە گران و مەترسیدارە ئەنجام بدەن، تورکیا هێشتا یەکێکە لەو وڵاتانەى کە کۆچبەران دەیانەوێت لێیەوە کۆچ بکەن بەرەو ئەوروپا.

هێشتا ڕوون نییە چی بەسەر ئەو کۆچبەرە نائاساییانەدا دێت کە لەلایەن پۆلیسی دەریاوانییەوە دەستگیردەکرێن، وەزارەتى ناوخۆی تورکیا دەڵێت، تەنها لە ساڵی 2019دا، نزیکەى 165 هەزار کۆچبەری نائاسایی دەستگیرکراون کە خەڵکی چەند وڵاتێکی کیشوەری ئاسیان.

هەر بەپێی ئاماری وەزارەتى ناوخۆی تورکیا، ساڵی ڕابردووش، 268 هەزار کۆچبەری نائاسایی دەستگیرکراون.

TMP – 12/09/2019

چانکایە، تورکیا، 24ی ئازاری 2017، پۆلیسی دەریاوانی تورکیا چەند کۆچبەرێک لە دەریای ئیجە دەستگیردەکات کە دەیانەوێت بەرەو یۆنان بڕۆن.

كۆچ دەكەیت؟ پەیوەندی بە شارەزای كۆچەوە بكە بۆ ئامۆژگاری

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە – لەئێستادا ملیۆنان کەس کۆچ دەکەن، و زۆرێک لەوان ڕووبەڕووى ئەو حەقیقەتە سەختانە دەبنەوە کە ئاماژەن بۆئەوەى کە کۆچکردن لە سەدەى ٢١دا چ مانایەکى هەیە.

ئێمە بە چەند زمانێکى جیاواز زانیارى دروست و دواهەمین هەواڵەکانتان پێدەدەین لەبارەى کۆچکردن، بەشێوەیەک کە زۆر بەئاسانى کۆچبەران لە زانیارییەکان تێبگەن و بەئاسانیش زانیارییەکان وەربگرن.

زانیارى زیاتر