هێزی سنوریی بەریتانیا 42 کۆچبەری تری دەستگیرکرد

ڕۆژی 11ی ئایاری 2019 و لە کۆتایی هەفتەدا، پۆلیسی بەریتانیا 42 کۆچبەری تری دەستگیرکرد کە لە هەوڵدابوون بۆ تێپەڕبوون بە دەربەندی ئینگلیزیدا تاوەکو بگەنە بەریتانیا بە شێوەیەکى نایاسایی.

پێدەچێت ئەو کۆچبەرانە بەپێی ڕێککەوتننامەى دوبلن بگەڕێنرێنەوە بۆ فەڕەنسا یان وڵاتانى دیکەى ئەوروپا، ئەو کۆچبەرانە کە زۆربەیان ئێران و عێراقی بوون لەناو سێ بەلەمی جیاوازدابوون بەرەو بەریتانیا.

بەگوێرەى ڕێککەوتننامەى دوبلن، پەنابەران پێویستە داوای مافی پەنابەری لەو وڵاتە ئەوروپییە بکەن کە یەکەمجار پێی دەگەن، ئەگەر وا نەکەن، ئەوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ ئەو وڵاتانە. وەزارەتى ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت، “ئەوە چەمکێکى چەسپاو و نەگۆڕە کە پێویستە پەنابەران لە یەکەم وڵاتی ئەوروپی سەلامەت کە پێی دەگەن داوای مافی پەنابەری بکەن.”

ڕێککەوتننامەى دوبلن لە سەرانسەری کیشوەری ئەوروپا پەیڕەو دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی ناسەلامەت و پڕۆسەى داواکاری مافی پەنابەرێتی بە سیستەماتیک دەکات، بەپێی ڕێککەوتننامەکە، پەنابەر ناتوانێت ئەو وڵاتە ئەوروپییە دیاری بکات کە دەیەوێت کەیسەکەى پێشکەش بکات یان ئەگەر چانسی پڕۆگرامی پاراستنى نێودەوڵەتییان بەدەستهێنا ئەوە ناتوانێت داوای نیشتەجیبوون لەو وڵاتە بکات کە دەیەوێت، هاوکات هانی کۆچبەرانیش دەدات لە یەکەم وڵاتی ئەوروپی کە پێی دەگەن داواکاری مافی پەنابەرێتى پێشکەش بکەن.

چارلی ئلفیک، پەرلەمانتاری ناوچەى دۆڤەر داوای ڕێکاری توندتر دەکات لەسەر سنوری بەریتانیا و فەڕەنسا، ئەو داوای دانانی کامێری چاودێری دەکات تاوەکو هەر پەنابەرێک کە دەستگیردەکرێت بگەڕێنرێنەوە بۆ فەڕەنسا.

هاوکات، قاچاخچییەکان دەنگۆی ئەوەیان دروستکردووە کە لەدوای برێکزیتەوە سنوری فەڕەنسا و بەریتانیا دادەخرێت. لە مانگی کانونی یەکەمی 2018دا، کۆچبەرێکى ئێران لە فەڕەنسا بە بی بی سی وت کە پێی وتراوە ” دوای ئەوەى بەریتانیا یەکێتى ئەوروپای بەجێهێشت سنورەکان دادەخرێن ، ئەم دارستانە (دارستانێکی فەڕەنسا کە کۆچبەرانى تێدایە) چۆڵدەکرێت و هەموومان دەخرێینە زیندانەوە.”

بەڵام بەریتانیا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ فەڕەنسا لەبارەى کۆنتڕۆڵی سنورەوە بە بەهێزی دەمێنێتەوە و دەڵێت، “چەند زانیارییەک بوونەتەهۆى زیادبوونی هەوڵی کۆچکردنی نایاسایی لە کەنار ئاوەکانى فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا، بۆیە ئێمە (بەریتانیا و فەڕەنسا) پەیوەندییەکانمان بە بەهێزی دەمێنێتەوە و پابەندین بە کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە هەڕەشەی کۆچی دەریایی و تاوانی ڕێکخراو.”

لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵەوە، زیاتر لە 25 کەس لە بەریتانیاوە نێردراونەتەوە بۆ فەڕەنسا یان وڵاتانى دیکەى ئەوروپی.

TMP – 25/05/2019

Photo credit: جۆی دەنکلەى / شەتەر ستۆک

 هێزی سنوریی دەریایی بەریتانیا :Photo caption