ئیتاڵیا یاسایەکی نوێی دەرکرد کە کۆچبەران بێ ماڵ دەکات و بێ پارێزگاری دەیانهێڵێتەوە
چەندین کۆچبەر لە ئیتاڵیا دەرکراونەتە سەر شەقامەکان و بە بێ پارێزگاری ماونەتەوە لە پاش ئەوەی کە پەرلەمانی ئیتاڵیا یاسای نوێی کۆچبەران و ئاسایشی پەسەند کرد. یاساکە کە ناسراوە بە “فەرمانی سالڤینی” بە ناوی ماتێیۆ سالڤینی وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیاوە ناونراوە، ئەم یاسایە لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ پەسەندکرا.
لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران، ئیتاڵیا یاسایەکی نوێی پەسەند کرد کە تیایدا ڕێکاری توند گیراوەتە بەر بۆ ئەم کارە، لەو ڕێکارانەش (ڕەتکردنەوەی پاراستنی مرۆیی بۆ ئەو کەسانەی مافی پەنابەرێتی نایانگرێتەوە، درێژکردنەوەی ماوەی مانەوە لە سەنتەرکانی گەڕانەوە بۆ نیشتمان، زیادکردنی بوودجەی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران، و زیادکرنی لیستی ئەو تاوانانەی کە دەتوانن مافی پەنابەرێتی بکێشێننەوە).
فەرمانەکە گۆڕانکاری لەو پێوەرانەشدا کردووە کە دیاری دەکەن چ کەسانێک مافی وەرگرتنی شوێنی مانەوەیان هەیە لە سەنتەرەکانی پێشوازیکردن لە پەنابەران. لە ئێستا بە دواوە تەنها نەوجەوانانی بێ چاودێر و ئەو کەسانەی مافی پارێزگاری نێودەوڵەتیان هەیە دەتوانن لەم سەنتەرانەدا بمێننەوە.
تەنها پاش چەند ڕۆژێک لە جێبەجێکردنی یاساکە، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ لە کرۆتۆنێ کە پارێزگایەکی کالابریایە فەرمانی بە دەرکردنی ٢٤ کۆچبەر کرد لە سەنتەری پێشوازیکردنی پەنابەرانی پارێزگاکە کرد. لە ناو ئەو کەسانەی کە دەرکران دوو هاوسەر بوون کە منداڵێکی پێنج مانگیان و کوڕێک کە گرفتی دەروونی هەیە وە هەروەها دوو قوربانی بەکارهێنراو لە مامەڵەی سێکسی هەبوون.
بلێسینی تەمەن ٣١ ساڵی نایجێری کە قوربانیەکی مامەڵەکردنی سێکسییە، لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی وتی “کاتێک کە پۆلیس هاتن و پێیان ووتین کە چیتر ناتوانین لە سەنتەرەکەدا بمێننەوە، باوەڕم بە گوێی خۆم نەکرد. هەموو کەل و پەلەکانیان بردین و بردیانینە دەرەوەی سەنتەرەکە”. وە هەرەها وتیشی “ئەمە بەڕاستی قبوڵنەکراوە. من مافی یاسایی مانەوەم هەیە، لەوانەیە لەمەودوا من نەتوانم شوێنی مانەوەم دەست بکەوێت، بەڕاستی زۆر ئەترسم.”
ڕێکخراوی خاچی سوور بە هاوبەشی لەگەڵ قایمقامیەت و چەند ڕێکخراوێکی تری خێرخوای هەوڵیان داوە کە شوێنی مانەوەی کاتی بۆ دابین بکەن ئەو کەسانەی کە دەرکراون لە چەند ئارامگەیەکدا. فرانسیسکۆ پاریسی سەرۆکی خاچی سوور لە کرۆتۆنێ ڕووداوەکەی بە “کردارێکی شێتانە” وەسف کرد و ووتی “حکومەت ناتوانێ ئەو خەڵکە ئاوا لە سەر جادە جێبهێڵێت، ئەمە پێشێلکردنی مافی مرۆڤە”.
داواکارانی مافی پەنابەرێتی لە پۆتێنزا کە شارێکی هەرێمی باسیلیکاتا و کاسێرتا کە پارێزگایەکی هەرێمی کامپانیایە بەم دواییانە لە سەنتەرەکانی پێشوازیکردنی پەنابەران دەرکراون. پێشبینیش دەکرێت سەدان کەسی تریش دووچاری هەمان چارەنووس ببنەوە لەم هەفتانەی داهاتوودا.
کارلۆتا سامی ووتەبێژی دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە باشووری ئەوروپا، لە دژی ئەو کردارە دوا و وتی “تێناگەین کە ئەو کارە بۆ کرا، و بۆ لەم کاتەدا. تەنانەت ئەو کەسانەشی کە مافی پاراستنی یاساییان هەیە پێیان ڕاگەندراوە کە سەنتەرەکان چۆڵبکەن. فەرمانەکە بۆ داهاتووە و پەنابەرانی نیشتەجێبوون لە ڕابردوودا ناگرێتەوە، بۆچی پێیان ڕاگەیەندراوە کە سەنتەرەکان چۆڵ بکەن؟”.
“ئەو کردارانەی کە شایەتحاڵی بووین بەم دواییانە بەو بڕوایەمان دەگەیەنن کە ئەم کردارانە شوێنکاری نێگاتیڤیان دەبێت نەک تەنانەت لەسەر ئەو خەڵکە بێ دەسەڵاتە بەڵکو لەسەر کۆمەڵگای ئیتاڵیش چونکە بە هۆی ئەو فەرمانەوە خەڵکی زیاتر نایاسایی دەبن بە شێوەیەکی فەڕمی”.
Photo: کریستی بلۆکین / شەتەرستۆک، ڕۆما، ئیتاڵیا – ٤ی ئەیلولی ٢٠١٨: پەنابەرێکی ئەفریقی بێماڵ لەسەر قەراخی جادەکان پاڵکەوتوە.
TMP – 24/12/2018
ئەم وتارە شەیر بکە