فەڕەنسا یاسای نوێی کۆچکردنی پەسەندکرد

کۆچبەرانى ئەفریقی بێ ماڵ و حاڵ لەسەر کورسی و لە نزیک کەمپێکى کۆچبەران لە باکوری فەڕەنسا دانیشتوون. ٥ی ئایاری ٢٠١٧.

ڕۆژی ٢٢ی نیسانی ٢٠١٨، ئەنجومەنى نیشتمانی فەڕەنسا یاسایەکی کۆچکردنی پەسەندکرد کە پڕۆسەى داواکاری مافی پەنابەرێتى خێراتر دەکات بەشێوەیەک دێپۆرتکردنەوە خێراتر دەکات و سزای یەک ساڵ زیندانی ئەوانەش دەکات کە بە نایاسایی داغڵی فەڕەنسا دەبن.

یەک هەفتە بەر لە پەسەندکردنی یاساکە، ئێدوارد فیلیپ، سەرۆک وەزیرانى فەڕەنسا رایگەیاند، پێویستە یاساکە وڵات “لەو بارودۆخە دەربهێنێت کە تێیدا بە شێوازێکى خراپ بەخێرهاتن لەوانە کراوە کە نەدەبوو بکرێت و ئەو کەسانەش نەگەڕێنرانەوە کە مافی ئەوەیان نەبوو لە فەڕەنسا بمێننەوە.”

یەکێک لە ئامانجەکانى یاساکە، دەستبەسەرکردنی یاسایی ئەو کەسانەیە کە مافی پەنابەرێتییان ڕەتدەکرێتەوە کە ماوەکەى زیاتر لە ١٣٥ رۆژ.

ئامانجێکى دیکە کورتکردنەوەى ئەو ماوەیەیە کە کۆچبەر دەتوانێت داواکاری مافی پەنابەرێتى پێشکەش بکات لە ١٢٠ ڕۆژەوە بۆ ٩٠ رۆژ.

ئەوانەى مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە جارێکى تر ناتوانن داوای مۆڵەتى نیشتەجێبوون بکەن و تەنها ١٥ رۆژیشیان هەیە کە تانە لە بڕیارەکە بدەن و هاوکاری داراییش دەکرێن ئەگەر بە ویستى خۆیان بڕیار گەڕانەوەى بدەن بۆ وڵاتەکانیان.

جێرارد کۆلۆمب، وەزیرى ناوخۆ دەڵێت ئامانجی یاساکە بۆ “باشتر کۆنتڕۆڵکردنی” کۆچکردنە بەوەى شەش مانگ دانراوە بۆ پێشکەشکردنی داواکاری مافی پەنابەرێتى و ئاسانکاری بۆ دیپۆرتکردنەوەى ئەو کۆچبەرانەش دەکرێت کە بە کۆچبەری “ئابوری” ناسراون.

پارتی چەپڕەوی ڕکابەر ڕەخنەى لە کەمکردنەوەى ماوەى وەرگرتنى سکاڵای ئەو کۆچبەرانە گرتووە کە مافی پەنابەرێتییان ڕەتدەکرێتەوە و رایگەیاند کە کۆچبەران کاتی تەواویان نابێت بۆ بەرگریکردن لە خۆیان.

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت، کورتکردنەوەى ماوەى کۆتایی پێشکەشکردنی داواکاری مافی پەنابەرێتی کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر “پەنابەران کە لەوانەیە زۆربەیان نەتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن.”

ساڵی ڕابردوو، فەڕەنسا وەرگرتنى ١٠٠ هەزار داواکاری مافی پەنابەرێتى تۆمارکردووە کە ئەوەش بۆ ساڵی سێیەمە لەسەریەک ژمارەکە زیاد دەبێت سەرباری ئەوەى ڕێژەکە لە کیشوەری ئەوروپا کەمتر دەبێتەوە. ڕاوبۆچوونی ڕاپرسییە نوێیەکانیش پشتگیریی سەپاندنی یاسای توندتر دەکەن بۆ دیاردەى کۆچکردن.

لەکاتی گفتوگۆکردنی یاساکەدا لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، نزیکەى ١٠٠ چالاکوان لە پارتی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان کە خەڵکی فەڕەنسا و هەنگاریا و دانیمارک و نەمسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بوون بەربەستێکى تۆڕی پلاستیکییان دانابوو لە سنوری ئاڵپ وەک سمبولی دانانی بەربەست بۆ هاتنەژوورەوەى پەنابەران لە ئیتاڵیاوە.

چالاکوانەکان ئاڵای “بەرگریی بکەن لە ئەوروپا”یان بەرزکردبووەوە و بانەرێکیان دانابوو کە بە ئینگلیزی لەسەری نوسرابوو “سنور داخراوە، ناتوانین ئەوروپا بکەیتە نیشتمانت، ڕێگا نییە، بگەڕێرەوە بۆ نیشتیمانەکەت.”

TMP – 20/02/2019