پەرلەمانى فەڕەنسا یاسایەکى دەرکرد بۆ خێراکردنی ڕێکارەکانى چارەنوسی کۆچبەران

کۆمەڵێک کۆچبەر چاوەڕێی چوونە ژوورەوە دەکەن بۆ سەنتەرێکى مرۆیی لە باکوری پاریس

ڕۆژی ١ی ئاب، پەرلەمانى فەڕەنسا پڕۆژە یاسایەکى واژۆ کرد کە بەهۆیەوە کاتى پڕۆسەى مانەوەى پەنابەرانى لە وڵاتەکە لە ١٢٠ ڕۆژەوە بۆ ٩٠ ڕۆژ کەمکردەوە.

لە ڕاپۆرتێکی فرانس 24دا هاتووە، یاسەکە ئەو وادەیەشی کەمکردووەتەوە کە تێیدا کۆچبەران دەتوانن کەیسەکانیان پێشکەش بکەن لە یانزە مانگەوە بۆ شەش مانگ. هاوکات ئاسانکاریش دەکات بۆ ناردنەوەى ئەو کۆچبەرانەى کە داواکاری مافی پەنابەرێتییان ڕەتدەکرێتەوە و ڕایکردنی کاروباری ئەو کۆچبەرانەش خێراتر دەکات کە داواکانیان وەردەگیرێت. جگە لەوەش، یاساکە ئەو کاتەشی دوو ئەوەندە کردووەتەوە کە تێیدا کەسێکى بیانیی لە پێش دیپۆرتکردنەوەى دەستبەسەردەکرێت، لە ٤٥ ڕۆژەوە بۆ ٩٠ ڕۆژ.

هاوکات چەند پەرلەمانتارێکیش هەوڵیاندا چەند بڕگەیەکى یاساکە قورستر بکەن و هەندێکی دیکەیان ویستیان پێنج ڕۆژ دیاریبکەن کە دەکرێت ئەو منداڵانە دەستبەسەربکرێن کە دایک و باوکیان ڕوبەڕوی دیپۆرتکردنەوە دەبنەوە، ئەوە لەکاتێکدایە چەندینجار دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ئیدانەى فەڕەنسای کردووە لەسەر دەستبەسەرکردنی خێزانی کۆچبەران و منداڵەکانیان لە شوێنێکى ناگونجاو و بۆ کاتێکى زۆریش.

لە وتەیەکیدا لە بەردەم پەرلەمانتاران، جێرارد کۆڵۆمب، وەزیرى ناوخۆی فەڕەنسا ڕایگەیاند، ” ئێمە هۆکارێکمان داناوە بۆ پاراستنى مافی پەناخوازان کە پێشتر ئەوە نەبووە، بەهۆیەوە بەزوویی پەناخوازان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و کارەکانیان ڕایدەکرێت”

هەر لە ڕۆژانى سەرەتای قەیرانى کۆچبەران لە ئەوروپا، فەڕەنسا و ئیتاڵیا هانی یەکێتى ئەوروپایان داوە تاوەکو سەنتەری پەناخوازان لە ئەفریقا دابنێن بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتى مرۆڤ و خنکان لە دەریای ناوەڕاستدا.

یاساکانى ئێستای یەکێتى ئەوروپا بەرپرسیارێتى دەخاتە ئەستۆی ئەو وڵاتەی کە یەکەمجار کۆچبەر پێی دەگات، بەهۆی ئەو سیاسەتەشەوە، ئیتاڵیا و یۆنان بەڕێژەیەکى زۆر زیاتر لە وڵاتانى دیکە کاریگەر بوون بە قەیرانەکە، هەرچەندە لە چەند مانگی ڕابردوودا، ژمارەى گەشتووان بۆ ئیسپانیا بە شێوەیەکى بەرچاو کەمی کردووە.

TMP – 19/08/2018