پۆلیس چوار کەمپی نافەرمی کۆچبەرانی لە پاریس تێکدا
بەپێی هەواڵێکى ئاژانسی فرانس پرێس، لە ١٠ ڕۆژی کۆتایی مانگی کانوونی دووەم، پۆلیسی فەڕەنسا زیاتر لە هەزار کۆچبەری لە چوار کەمپی کاتیی لە باکوری پاریس چۆڵکردووە.
ئەو کۆچبەرە نائاساییانە کە زۆربەیانى ئەفغانی و هەندێکیشیان کۆچبەری وڵاتانى ئەفریقا بوون لە چوار کەمپی کاتی لە ناوچەى پۆرتێ دی سلیگنانکۆرت دەژیان.
ئۆپراسیۆنى چوارەم چۆڵکردنی کەمپێکى کاتی بوو لە ناوچەى پێریفرێکیو لە دەرەوەى پاریس. رۆژی ٢٩ی کانونی دووەم، نزیکەى ٣٠٠ کۆچبەر لەو کەمپە گوازرانەوە. بەرپرسانی شار دەڵێن کۆچبەرەکان دەبرێنە چەند ناوەندێکى مانەوەى فەرمی لە دەوروبەری شاری پاریس، راشیانگەیاند، ئەوە هەوڵێکە بۆ ئەوەى هەموو کۆچبەران لەناو شوێن و جێی باشدا بن لە وەرزی زستاندا.
برونۆ ئەندری، بەرپرسێکى شارەکە دەڵێت، “ئەوان پشکنینی تەندروستییان بۆ دەکرێت و تەماشای حاڵ و گوزەرانیان دەکەین، بەپێی مافی خۆیان دەنێردرێنە سەنتەرەکانى حەوانەوە. لە چەند هەفتەى رابردوودا و بە شێوەیەکى ئاسایی خەڵکمان ناردووەتە شێڵتەرەکان لە ناوچەى پاریس، ئەو خەڵکە شوێنێکى باشی پێ دەدرێت و ئەمرۆش سەرقاڵی ناردنی ٢٩٩ کەسی دیکەین.”
سەرباری تۆمارکردنی زۆرترین داواکاری مافی پەنابەرێتى لە چوار دەیەی ڕابردوودا، لەئێستادا فەڕەنسا ماوەى پێشکەشکردنی داواکاری مافی پەنابەرێتی بۆ دوو مانگ کەمکردووەوە. نزیکەى ٦٤%ی ئەو داواکارییانە ڕەتکراونەتەوە و دەبێت ئەو کۆچبەران یان ئەوروپا بەجێبهێڵن یان بچنەوە بۆ ئەو وڵاتە ئەوروپییەى کە یەکەمجار کۆچیان بۆ کردووە.
لەدوای زیادبوونی ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى کە بە دەربەندی ئینگلیزیدا تێپەڕدەبن، فەڕەنسا هاوتەریب لەگەڵ چۆڵکردنی کەمپەکانی باکوری پاریس، سەرقاڵی چۆڵکردنی کەمپەکانی باشوری وڵاتە. هەردوو حکومەتى فەڕەنسا و بەریتانیا کۆنتڕۆڵ و ڕێکارە سنورییەکانیان توندترکردووەتەوە تاوەکو ڕێگری بکەن لەو کۆچبەرانەى دەیانەوێت بە ئاوی دەربەندی ئینگلیزیدا تێبپەڕن. هاوکات بەرپرسانی بەریتانیا دەستیان کردووە بە گەڕاندنەوەى ئەو کۆچبەرانە لە بەریتانیاوە بۆ فەڕەنسا.
TMP – 22/02/2019
ئەم وتارە شەیر بکە