چەند چیرۆکێکى مەترسیدارە لە هەوڵی کۆچبەران بۆ تێپەڕبوون بە دەربەندی ئینگلیزیدا

لە باکوری فەڕەنسا، کۆچبەران بەردەوام ژیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ تێپەڕبوون بە دەربەندی ئینگلیزیدا.

عەزیز و مەریەم، دوو هاوسەری عێراقین کە لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی بی بی سییان وتووە، ٢٠ جار هەوڵیان داوە بە دەربەندەکەدا تێبەپەڕن، سەرەڕای ئەوەى لە کۆتاییدا گەیشتوونەتە بەریتانیا بەڵام لەوانەیە بەپێی ڕێککەوتننامەى دوبلن بگەڕێنرێنەوە بۆ فەڕەنسا.

مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، ئەو خێزانە لەگەڵ چیای کچیان کە تەمەنی پێنج ساڵە، گەیشتنە شاری دانکیرکی فەڕەنسا.

ئەو خێزانە لە سەرەتادا پلانیان هەبوو بە بەلەمی چوپی خۆیان بگەیەننە کەنارئاوەکانى بەریتانیا. قاچاخچییەکان بەڵێنیان پێ دابوون کە گەشتەکە سەلامەت دەبێت و یاروەرییان دەکەن هەتاوەکو دەگەنە ئاوەکانى بەریتانیا.

عەزیز دەڵێت، “هەموو قاچاخچییەکان یەک قسە دەکەن و دەڵێن، کاتێک گەیشتنە دەربەندی ئینگلیزی تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکە و پۆلیسیش دێت بە هاناتەوە.”

بەڵام دوای بیستنی چیرۆک و ئەزمونی چەند کۆچبەرێکى دیکە لەبارەى مەترسیداری گەشتکردن بە بەلەم، پلانەکەیان گۆڕیوە.

بەلەمی خێزانێکى ئێرانی لەگەڵ دوو منداڵەکەیان لە ئاوەکەدا ژێرئاو کەوتبوو، دوای ١٥ خولەک لە دەستپێکردنی گەشتەکەیان، بەلەمەکەیان وەرگەڕا. یەکێک لە منداڵەکانى دەڵێت، “ئاوەکە زۆر زۆر سارد بوو، زۆر زۆر، قاچەکانم زۆر سارد بوو بوون، دەمویست بمرم.”

سولەیمان و سیرە، خێزانێکى دیکەن کە بەهۆی پەککەوتنى ماتۆڕی بەلەمەکەیان بۆ چەند کاتژمێرێک لە ئاودا ماونەتەوە و بەلەمەکە پڕبووە لە بەنزین. سولەیمان دەڵێت،” پێستم سوتابوو، زۆر زۆر بەئازار بوو”، دوای چەند کاتژمێرێک ڕزگارکران و گەڕێنرانەوە بۆ فەڕەنسا.

عەزیز بەهۆى چیرۆکی هاوڕێکانییەوە ترساوە، دواتر بڕیارداوە بە لۆری خۆی و خێزانەکەى بگەیەنێتە بەریتانیا. دایکی لە عێراق ماڵەکەى خۆی بە ڕەهن دانابوو بۆئەوەى پارەى قاچاخچییەکان بدات.

ئەوان کۆچەکەیاندا توشی چەندین کێشە هاتوون، هەندێجار لۆرییەکان لەجیاتی بەریتانیا بەرەو ئیسپانیا و ڕۆمانیا دەچوون، هەندێجاریش سەگە بۆنکەرەکان دەیاندۆزینەوە، جارێکیان خرابوونە ساردکەرەوەى لۆرییەکەوە بەڵام پلەى گەرمی ساردکەرەوەکە زۆر ناگونجاو بوو.

دواجار و ڕۆژی ١٦ی شوباتی ٢٠١٩، ئەوان گەیشتنە بەریتانیا کە خۆیان لە لۆرییەکى رۆمانیدا شاردبووەوە. دوای ئەوەى لە لۆرییەکە چووبوونەدەرەوە، خزم و کەسوکارەکانیان ئەوانیان بردە بنکەیەکى پۆلیس بۆئەوەى ڕادەستیان بکەن بۆ داواکردنی مافی پەنابەرێتی. بەڵام لەوانەیە بەپێی ڕێککەوتننامەى دوبلن ئەوان بگەڕێنرێنەوە بۆ فەڕەنسا.

TMP – 28/02/2019

Photo: GLF Media/Shutterstock

وێنەیەکى ئاسمانی بەندەری دۆڤەر لەکاتی گەیشتنی کەشتییەکی گەورە لە دەربەندی ئینگلیزییەوە کە قەرەباڵغترین ڕێگای ئاوییە لە جیهاندا کە بەریتانیا و خاکی ئەوروپا دەبەستێتەوە بە یەکەوە بە تایبەت خاکی فەڕەنسا؟