فەڕەنسا سیاسەتێکى توند بەڵام مرۆڤانە پەیڕەو دەکات

کریستۆف کاستانەر، وەزیرى تازە دانراوى ناوخۆی فەڕەنسا رایگەیاند، فەڕەنسا وەک دادگای پێداچوونەوە کار ناکات بۆ داواکەرانى مافی پەنابەرێتی. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەى دیمانچێ، کاستانەر باس لەوە دەکات کە یەک لەسەر سێی داواکەرانى مافی پەنابەرێتى لە فەڕەنسا پێشتر لە وڵاتانى دیکەی ئەوروپا داوای مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە.

دەشڵێت، “نامەوێت وەک دادگایەکى پێداچوونەوە بەکاربهێنرێین لەلایەن ئەوانەى پێشتر لە وڵاتانى دیکەى وەک ئیتاڵیا و ئەڵمانیا مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە و دەڵێت، فەڕەنسا سیاسەتێکى توند بەڵام مرۆڤانە پەیڕەو دەکات.

کاستانەر کە لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا بە وەزیری ناوخۆ دیاریکرا و دەیەوێت ڕێکاری بەهێزتر بۆ کۆنتڕۆڵی سنور دابنرێت بە تایبەت لەگەڵ ئیسپانیا کە لە هەر وڵاتێکى دیکە ئەوروپی زیاتر کۆچبەری لێ وەرگرتووە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لەنێوان مانگی کانونی دووەم تاوەکو تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا، نزیکەى ٥٤ هەزار کۆچبەری نائاسایی گەیشتوونەتە ئیسپانیا کە زیاترە لەو ژمارەیەی لە هەمان ئەو ماوەدا گەیشتوونەتە هەردوو وڵاتی ئیتاڵیا و یۆنان.

کاستانەر دەڵێت، ” لەو ساڵەدا شەپۆلی کۆچبەران بۆ ئیسپانیا بەڕێژەى ١٥٥% زیادی کردووە. ژمارەى کۆچبەرانى نایاساییش کە دەچنە سنورەکانى ئیسپانیا-فەڕەنسا بەڕێژەى ٦٠% زیادی کردووە. لەکاتێکدا دەبێت هەڵوێستێکى توند لەدژى کۆچکردنی نایاسایی هەبێت و پەلە بکرێت لە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانەدا، ئاگاداری ئەوەشم کە دەبێت بەسۆز بین بەرامبەریان.”

کاستانەر پلانی هەیە بۆ بینینی ماتیۆ سالڤینی، هاوتا ئیتاڵییەکەى دوای ئەوەى فەڕەنسا تۆمەتبارکرا بە دەرکردنی کۆچبەرانى نایاسایی بۆ شارێکى سنوریی لە ئیتاڵیا. ماتیۆ سالڤینی، وەزیرى ناوخۆی ئیتاڵیا لە پارتی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان چەند وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکى لە تویتەرەکەى خۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت پۆلیسی فەڕەنسا دوو کۆچبەر لە دارستانەکانى سنوریی ئاڵپین لە شاری کڵاڤییە دادەبەزێنن بەبێ ئاگادارکردنەوەى بەرپرسانى شارەکە.

ئەو دەڵێت، “ئیتاڵیا چیتر ناترسێت و نایەوێت ببێتە کەمپی کۆچبەران لە ئەوروپا و چیتر فەرمان لە برۆکسل و بەرلین وەرناگرێت. من چاوەڕێی وەزیرى ناوخۆی فەڕەنسا دەکەم لە ڕۆما، بەڵام لەئێستادا بەردەوام دەبین لە کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکانمان. ئێمە وڵاتێکین سەرمان بەرزکردووەوە، پێویستە هەموو ئەوانەی تائیستا تێنەنگەیشتوون، دەرکی پێ بکەن.”

ڕێکارە توندەکانى ئیتاڵیا بە شێوازێکى بەرچاو شەپۆلی کۆچبەرانى کەمکردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠١٨دا، زیاتر لە ٢٢ هەزار کۆچبەر ڕوویان لە ئیتاڵیا کردووە بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧دا، ١١١ هەزار کەس چوونەتە ئیتاڵیا.

TMP – 30/01/2019

وەزیرى ناوخۆی فەڕەنسا: فەڕەنسا وەک دادگای پێداچوونە کار ناکات بۆ ئەو کۆچبەرانەى کە لە شوێنی دیکە مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە.

GERARD BOTTINO / Shutterstock.com