دادگای ئەوروپا لە بەرژەوەندی منداڵێکى کۆچبەر بڕیاری دا

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا فەرمانی بە حکومەتى فەڕەنسا کرد بە پێدانی ١٥ هەزار یۆرۆ بە منداڵێکى کۆچبەری ئەفغانیی بێسەرپەرشت. غەرامەکە بەهۆى ئەوەوە بووە کە حکومەت نەیتوانیوە ئەو منداڵە ١٢ ساڵە بپارێزێت کە بە تەنها و لە کەمپێکى کاتیی لە کاڵاسی فەڕەنسا ژیاوە.

دادگای ستراسبۆرگ رایگەیاند کە ناتوانێت باوەڕ بەوە بکات کە حکومەتى فەڕەنسا ئەوەى لە توانایدا بووبێت کردبێت بۆ پاراستن و پارێزگاری لە جەمیل خان. دادگا بڕیاری دا بەوەى بەرپرسانى فەڕەنسا سەرپێچی یاساکانى مافی مرۆڤی ئەوروپایان کردووە لە ڕێگریکردن لە مامەڵەى ناتەندروست و نامرۆڤانە.

کەیسەکەى جەمیل خان کەیسێکى نامۆ نییە بۆ ئەو منداڵە کۆچبەرانى لە فەڕەنسا دەژین، بەڵام بڕیارەکەى دادگا تایبەتە بەو کەیسە. ئەو کۆچبەرە ئەفغانییە ماوەى شەش مانگ لە کەمپێکى زۆر خراپ و پیسدا لە باکوری فەڕەنسا ژیاوە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی دیکەى کۆچبەری بێسەرپەرشت. لەئێستادا جەمیل خان لە شاری بێرمینگهامی بەریتانیا دەژی.

لەنێوان ساڵانی ٢٠١٥ تا ساڵی ڕابردوو، ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى کە بە فەرمی بە منداڵ هەژمارکراون لە فەڕەنسا سێ ئەوەندە زیادی کردووە کە ئەوەش پەڵەیەکی ڕەشە بەسەر سیستمی چاودێری گشتییەوە. ئاژانسی ئاسۆشیەیتد پرێس ئاماژەى بەوەکردووە کە لەئێستادا زیاتر لە ١٧ هەزار کۆچبەر و داواکاری مافی پەنابەرێتى وەک منداڵ هەژمارکراون بەڵام وەزارەتى ناوخۆی فەڕەنسا دەڵێت زۆرێک لە کۆچبەرە هەرزەکارەکان خۆیان وەک منداڵ دەناسێنن بۆئەوەى سوود لە هاوکاری و شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەت وەربگرن.

ڕێکخراوەکانى مافی مرۆڤ ئەم هەڵسەنگاندنانە ڕەتدەکەنەوە. لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، ئەو ڕێکخراوانە ڕەخنەیان لەو ڕێکارانە گرت کە بەرپرسانى فەڕەنسا دەیگرنە بەر بەرامبەر کۆچبەرانى منداڵ. لە ڕاپۆرتێکی “لایک ئە لۆتەری”دا هاتووە کە “هەڵسوکەوتێکى کوێرانە بەرامبەر منداڵانی کۆچبەری بێسەرپەرشت دەکرێت لە پاریس.”

ئەو گروپە دەڵێت بۆیان “دەرکەوتووە کە بەرپرسانى فەڕەنسا هەڵسەنگاندنی پوختەى تەمەن بەکاردەهێنن بۆ بڕیاردان لەسەر پێدانی خزمەتگوزارییەکان کە ئەمە سەرپێچی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و پەیڕەوی ناوخۆی فەڕەنسایە. لە ئەنجامدا، منداڵەکان بێبەش دەبن لە خزمەتگوزارییە پێویستەکان کە دەبێت پێیان بدرێت وەک، خانوو و خوێندن و خزمەتگوزاری تەندروستی، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێکیان لەسەر جادەکان دەخەون.”

بێنیدیک ژیاننیرۆد، بەڕێوەبەری لقی فەڕەنسای ڕێکخراوی دەڵێت، “ئەو منداڵانە بەهۆى گەشتێکى مەترسیدار و سەختەوە ئازاریان جەشتووە و لەئێستاداشدا بێبەشبوون لەو پێداویستیانەى کە پێویستیان پێیەتى.”

بۆ دیاریکردنی تەمەنى ڕاستەقینەى کۆچبەرانى منداڵ، وەزارەتى ناوخۆی فەڕەنسا دەڵێت سەرقاڵی دروستکردنی داتابەیسێکى جیهانییە کە تێیدا هەموو زانیارییەک لەبارەى پەنجەمۆر و وێنەى کۆچبەرانى منداڵ تۆماردەکات. هەرچۆنێک بێت، ڕێکخراوی یونیسێفی تایبەت بە منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵایەکى لەدژی فەڕەنسا تۆمارکردووە. داکۆکیکارانى مافی منداڵانیش دەڵێن ئەو زانیارییانە مافی تایبەتمەندی کەسێتی ناپارێزێت و هانی بەرپرسان دەدات کۆچبەرانى گەنج دیپۆرت بکەنەوە و مەترسی ئەوەشی هەیە کە منداڵان لە گەیشتن بە خزمەتگوزاری تایبەت بێبەش بکات.

TMP – 12/03/2019

Photo credit: Symbiot/Shutterstock

باڵەخانەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا