پۆلیس گەورەترین کەمپی کۆچبەرانى لە نزیک کاڵێ چۆڵکرد

دوای ئەوەى ڕۆژی ١٢ی ئازاری ٢٠١٩ هێزە ئەمنییەکانى فەڕەنسا کەمپێکى نافەرمییان چۆڵکرد، نزیکەى ٢٠٠ کۆچبەر ناچارکران بە جێهێشتنى کەمپەکە لە باکوری فەڕەنسا

لەپێش تێکدانیدا، کەمپەکە کە بە کەمپی ڤێررۆتێریز یان چێمین ناسرابوو، گەورەترین کەمپ بوو لە ناوچەى کاڵێ. نزیکەى ٢٠٠ کۆچبەر تێدا دەژیا کە بە زۆربەى خەڵکی ئەفغانستان و ئێران و ئەریتریا و سودان بوون.

پێش چەند ڕۆژێک، پلانی چۆڵکردنی کەمپەکە ڕاگەیەنرابوو. بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوی ئاوبێرگ دێ مایگرانتس، لە رۆژی چۆڵکردنیدا تەنها ٥٠ کۆچبەرى لە کەمپەکەدا مابوون.

لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی ئینفۆمایگرانتس، وتەبێژی ئاوبێرگ دێ مایگرانتس رایگەیاند، “هەموو کەسێک دەیزانی تەقینەوەیەک ڕوودەدات، هەندێکیان چەند ڕۆژێک پێش چۆڵکردنی کەمپەکەیان بەجێهێشت بەهیوای دۆزینەوەى پەناگەیەکی نوێ، هەندێکی تریان خۆیان شاردووەتەوە یان رۆشتوون بۆ چەند کەمپێکى بچوکی دیکە لە کاڵێ.”

لەپێش چۆڵکردنیدا، چەند تابلۆیەک دانرابوون بۆ کۆچبەران کە لەسەریان نوسرابوو، “ئێوە دەنێردرێن بۆ ناوەندەکانى بەخێرهاتن کە لەلایەن حکومەتەوە دروستکراوە و سەرجەم پێداویستییەکانی تێدایە.” بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ٢٠ مینیتیس، ٤٦ کۆچبەری نیشتەجیی کەمپەکە بە داواکارییەکە ڕازی بوون و بە پاس نێردراون بۆ سەنتەرەکانى وەرگرتن.

تێکدانی کەمپەکە دوای ئەوەى هات کۆمپانیای ئینیدیس کەیسێکى لە دادگای باڵای بۆلۆگی سور میر بردەوە. کۆمپانیا کارەباییەکە خاوەنی بەشێکى زۆری زەوی ئەو شوێنەیە کە کۆچبەران کەمپەکەیان تێدا دروستکردبوو. لەئێستاشدا کە کەمپەکە چۆڵکراوە، کۆمپانیاکە پلانی هەیە تەلبەنێکى بە چواردەوردا دروستبکات بۆئەوەى جارێکى تر کەمپی تێدا دروستنەکرێتەوە.

بەپێی قسەى بەرپرسە خۆجێیەکان، کەمپەکە “چەندین کێشەى بۆ چالاکی ئابورییەکانى کۆمپانیاکان دروستکردبوو”. نیگەرانى ئەوەش هەبووە کە کەمپەکە ببێتە هەڕەشەیەکى ئەمنی و تەندروستى و مافی مرۆڤی.

لەم ساڵانەى دواییدا، ئەو کۆچبەرانەى بەنیاز بوون بە دەربەندی ئینگلیزیدا بپەڕنەوە بەرەو بەریتانیا چەندین کەمپى نافەرمییان لە باکوری فەڕەنسا دروستکردبوو. سەرباری ئەوەى بەرپرسانى فەڕەنسا زوو زوو ئەو کەمپە کاتییانە تێکدەدات، بەڵام دواتر و بەزووی کۆچبەران دانەیەکى دیکە دروست دەکەن.

لەکاتێکدا فەڕەنسا و بەریتانیا کۆنتڕۆڵی سنورییان توندترکردووەتەوە، زۆربەى ئەو کۆچبەرانەى سەرکەوتوو بوون لە پەرینەوەى بە دەربەندی ئینگلیزیدا، لەژێر هەڕەشەی ناردنەوەدان بۆ فەڕەنسا.

TMP – 18/03/2019

Photo: چاودێرانى مافەکانى مرۆڤ\تویتەر. پۆلیس لە کەمپی نافەرمی ڤێررۆتێریز لە کاڵێ.