شارۆچکەیەکى بچووکى دوورەدەستى فەڕەنسا کە پەناخوازان لەگەڵ دانیشتتووانەکەیدا گونجاون

فێرێتێ، شارۆچکەیەکى بچووکە کە دانیشتووانەکەى تەنها ٨٠٠ کەس دەبن و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى فەڕەنسا، دەرگاى بەڕووى پەناخوازاندا کردووەتەوە، کە لەئێستادا لەسەدا ١٠ى دانیشتووانەکەى پێکدەهێنن.

ئەو شارۆچکەیە کە کەوتووەتەسەر گردێک، لەسەر سنوورى سویسڕا، لە ساڵى ٢٠١٦وە نزیکەى ٨٠ پەناخوازى وەرگرتووە، کە نیوەیان منداڵن. ئەو هاتووە نوێیانە، کە لە وڵاتانى وەکو ئەفغانستان، سودان، ئەریتریا، چیچان و نایجیریاوە هاتوون، هیواخوازن وەکو پەنابەر بناسێنرێن، یان هیچ نەبێت مافى “پاراستنى لاوەکى” وەربگرن. پاراستنى لاوەکى پێگەیەکە کە بەو پەناخوازانە دەدرێت کە تایبەتمەندێتى مافى پەنابەرێتیان تێدانیە بەڵام دان بەوەدادەنرێت کە پێویستیان بە پاراستن هەیە.

شارەدارى ئەو شارۆچکەیە فرانکۆیس کۆهێندێت، دەڵێت “دانیشتووان، کە لەسەرەتادا زۆر دژى ئەو بیرۆکەیە بوون، ئەوەیان بۆدەرکەوتووە کە هەموو شتێک بەباشى بەڕێوەچووە، کە ئەوانە خەڵکانێکى گونجاون، کە خۆیان بەخۆیانەوە سەرقاڵن و شەڕانگێز نین.” هەروەها وتیشى لەسەرەتادا خۆپیشاندەران دروشمى لەمشێوەیەیان بەرز دەکردەوە “یەک کۆچبەریش لە فێرێتێ نابێت” یان “ئەوە نیشتمانى خۆمانە”، وەکو دەنگێکى بەرز لەدژى وەرگرتنى پەناخوازان.

لە ساڵى ٢٠١٥دا ئەوروپا گەورەترین شەپۆلى کۆچبەرانى بەخۆیەوە بینى لەدواى جەنگى جیهانى دووەمەوە، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کۆچبەر گەیشتنە ئەوروپا. لەوکاتەوە بەردەوام پێویست بووە شوێنى نوێ بدۆزرێتەوە بۆ میوانداریکردنى پەناخوازان لەکاتێکدا لەچاوەڕوانى وەرگرتنەوەى دەرەنجامى داواکارییەکەیاندا دەبن.

شارەدار کۆهێندێت وتیشى یەکەم هاتووان “دوو سودانى بوون کە ڕەش پێست بوون، هەرچەندە بەفر بوو بەڵام نەعلیان لەپێ بوو.” لەکاتێکدا هەندێک خۆپیشاندان و ناڕەزاییان دەربڕى، ئەوانى دیکە بە وانەى فەڕەنسى و وانەى چێشتلێنان و گەیاندنیان بەنەخۆشخانە پشتیوانى پەناخوازانیان کرد. خۆبەخشان “دراوسێکان لەسەرتاسەرى جیهان”یان ڕاگەیاند، بەمەبەستى یارمەتیدانى دراوسێ نوێیەکانیان تاوەکو لەگەڵ کۆمەڵگاکانیاندا خۆیان بگونجێنن.

ئێلیزابێس شەڵزێس، سەرۆکى دراوسێکان لەسەرتاسەرى جیهان دەڵێت “ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگاى ناوخۆییدا بەشداریان پێدەکەین، لە ژیانى ڕۆژانەى خەڵکى – لە ئاهەنگەکانى ڕۆژى نیشتمانى فەڕەنسا، سەرى ساڵى نوێ. هەرکاتێک بتوانین لەگەڵ دانیشتووانى ناوخۆییدا کۆیان دەکەینەوە.”

دجۆى کابوکا کە خەڵکى کۆنگۆیە بەخەندەوە وتى “پێیانوتم کە ئەلسەیس ناوچەیەک بووە کە ڕەگەزپەرستى تێدا بووە بەڵام من هەستم پێى نەکردووە.”

شارەدار کۆهێندێت دەڵێت کێشەى سەرەکى فێرێتێ نەبوونى گواستنەوەى گشتییە و پەنابەران پێویست دەکات گەشت بکەن بۆ مەلهاوس، کە شارێکە ٣٠ کیلۆمەتر لێرەوە دوورە، بەمەبەستى ئەوەى ئەو خواردنانە بدۆزنەوە کە پێى ڕاهاتوون.

گەنجێکى نایجیرى دەڵێت “لێرە زۆر سارد و زۆریش گەرم دەبێت.”

پەناخوازەکان لە باڵەخانەیەکى سەربازى دێریندا جێگیردەکرێن کە لەئێستادا کراوە بە ناوەندێکى پێشوازى پەناخوازان. هەرکاتێک پەناخوازە نوێیەکان بڕیار لەسەر داواکارى پەنابەرێتیان درا ئەوا ناوەندى پێشوازیکردنەکە بەجێدەهێڵن. پەنابەران و ئەوانەش کە مافى پاراستنى لاوەکییان هەیە ماوەى سێ مانگ مۆڵەتیان پێدەدرێت تا ناوەندەکە بەجێدەهێڵن، کە دواتر دەبێت سەربەخۆیانە دەرفەتى کار و شوێنى نیشتەجێبوون بدۆزنەوە. ئەوانەى داواکارى پەنابەرێتیان ڕەتدەکرێتەوە ئەوا ڕاستەوخۆ ئاگاداردەکرێنەوە بە جێهێشتنى فەڕەنسا. لە ٢٠١٨دا، لەسەدا ٥٤ى ئەو ١٤١ کەسەى کە هاتبوون بۆ فێرێتێ سەرکەوتووبوون لە وەرگرتنى مافى پەنابەرى یان مافى پاراستنى لاوەکى لە فەڕەنسا.

TMP – 24/05/2019

Photo credit: Oscity/Shutterstock

Photo caption: فێرێتێ، شارۆچکەیەکى بچووکە لە هەرێمى ئەلسەیسە لە فەڕەنسا

ئیمەیڵمان بۆ بنێرە ئەگەر پرسیارت هەیە دەربارەی کۆچکردن

پرسیارەکانت بە ئیمەیڵێک ڕەوانەی ئێمە بکە وە یەکێک لە کارمەندەکانی ستافەکەمان وەڵامی
پرسیارەکانت دەداتەوە. سەرجەم ئیمەیڵەکان بە شێوەیەکی تەواو نهێنی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە – لەئێستادا ملیۆنان کەس کۆچ دەکەن، و زۆرێک لەوان ڕووبەڕووى ئەو حەقیقەتە سەختانە دەبنەوە کە ئاماژەن بۆئەوەى کە کۆچکردن لە سەدەى ٢١دا چ مانایەکى هەیە.

ئێمە بە چەند زمانێکى جیاواز زانیارى دروست و دواهەمین هەواڵەکانتان پێدەدەین لەبارەى کۆچکردن، بەشێوەیەک کە زۆر بەئاسانى کۆچبەران لە زانیارییەکان تێبگەن و بەئاسانیش زانیارییەکان وەربگرن.

زانیارى زیاتر