شارەوانییەکانى فەڕەنسا داوای شوێنى نیشتەجێبوونی زیاتر بۆ پەنابەران دەکەن

شارەوانی 13 شاری گەورەى فەڕەنسا لە نامەیەکى کراوەدا بۆ حکومەت داوای شوێنی نیشتەجێبوونی زیاتر دەکەن بۆ ئەو کەسانەى داوای مافی پەنابەری دەکەن.

لە نامەکەدا کە ڕۆژی 23ی نیسانی 2019 نوسراوە هاتووە، “وەک شارەوانی شارە گەورەکان، ڕوبەڕوی فشاری بەردەوام دەبینەوە لە سیستمی نیشتەجێکردندا بۆ ئەو کەسانەى داوای پەناگە و شوێنى حەوانەوە دەکەن لە شارەکاندا، زیاتر لەوەش، بارودۆخی مرۆیی تا بێت بەرەو خراپتر دەڕوات.”

مانگی ڕابردووش، میشێل کادۆت، پارێزگاری هەرێمی باکوری ئلی دێ فرانس ڕایگەیاند کە ناوەندێکى نوێی پەنابەران لە پاریس دەکرێتەوە، ئەو ناوەندە توانای لەخۆگرتنى زیاتر لە 100 کۆچبەری هەیە.

هاوکات ئان هیدالگۆ، سەرۆکى یەکێک لەو شارەوانییەى کە واژۆی نامەکەى کردووە داوای هەوڵ و کاری زیاتری کردووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانى نیشتەجێبوون.

نیگەرانییەکان بە بەردەوامی زیاتر دەبن لەبارەى کەمی و خراپی بارودۆخی ژیانى پەنابەران لە فەڕەنسا، زۆرێک لە خێزان و منداڵەکانیان، کە هەندێک منداڵی بێ سەرپەرشتیان تێدایە، لە کەمپە کاتییەکاندا دەژین.

لە نامەکەدا هاتووە، “سەدان پیاو و ژن و منداڵ لە دۆخێکى مەترسیداردا و لە ناوەندی شارەکانماندا دەژین.”

ئەو شارەوانییانە داوای گفتوگۆیەکی نیشتمانی لەنێوان لایەنەکاندا دەکەن بۆ دۆزینەوەى ڕێگەچارەیەک بۆ کەمی شوێنى نیشتەجێبوونی پەنابەران.

لە مانگی حوزەیرانی 2018دا، حکومەتى فەڕەنسا ئەو بڕە پارەیەی زیادکرد کە دەدرێتە ئەو پەنابەرانەى کە چاوەڕێی وەرگررتنى شوێنى نیشتەجێکردن دەکەن، ئەوە جگە لەو پارەیەی کە دەدرێت بە بەو کەسانەى داوای مافی پەنابەرێتى دەکەن. بەپێی یاسا تازەکە، هەر پەنابەرێک ڕۆژانە 7.4 یۆرۆی زیاتری پێ دەدرێت بۆ شوێنی نیشتەجێبوون تاوەکو لە یەکێک لە ناوەندەکانى وەرگرتندا وەردەگیرێت.

بەپێی ئۆفیسی پاراستنی پەنابەران و خەڵکانی بێ دەوڵەت، لەم ساڵانەى دوایدا، ژمارەى ئەو کەسانە زیادیانکردووە کە داوای مافی پەنابەرێتییان لە فەڕەنسا کردووە، لە ساڵی 2017دا، زیاتر لە 100 هەزار کەس داوای مافی پەنابەرێتییان لە فەڕەنسا کردووە.

TMP – 14/05/2019

Photo credit: LOIC VENANCE / AFP

Photo caption: ڕۆژی 28ی ئازاری 2019، پیاوێک لە خێمەیەکی یاریگایەکی داخراودا لە خەو هەڵدەستێت کە دەورەدراوە بە کۆچبەرانى تر لە کڵێسای لیسی ژییەن بێرنارد لە دەرەوەى شاری نانتس لە ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا.