مەترسییە داراییەکان
ئایا دەزانیت چەندە پارەت پێویستە بۆئەوەى بگەیتە ئەوروپا ئەگەر ڤیزای فەرمیت نەبێت؟ خەرجی گەشتکردنی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دیاریکراو نییە، بڕی ئەو پارەى تۆ دەیدەیت پەیوەستە بە چەند هۆکارێکەوە، بۆ نمونە، ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆیت، ئەو قاچاخچییەی مامەڵەى لەگەڵ دەکەیت یان جۆری ئەو گواستنەوەی بەکاریدەهێنێت.
زۆرجار کۆچبەر کە دەست بە گەشتەکەی دەکات نرخێک لە مێشکی خۆیدا داناوە، بەڵام کاتێک گەشتدەکەن، ئەو پارەیەی کە پێویستیانە بۆ گەشتەکە زیاد دەکات، هۆکارەکەش ئەوەیە هەندێجار ڕفێنەران داوای سەرانە دەکەن، یان کۆچبەر نەخۆش دەکەوێت و پێویستە پارە بدات بۆ چارەسەری تەندروستی.
ئەگەر تۆ بەنیازیت کۆچی نائاسایی بکەیت بەرەو ئەوروپا، خوێندنەوەى ئەم زانیارییانە لەبارەى خەرجییە داراییەکان هاوکاریت دەکات بڕیارێکی دروستتر بدەیت لەبارەى داهاتووتەوە.
تەلەفۆن بۆ شارەزایانی کۆچکردنی ئێمە بکە تاوەکو زیاتر لەبارەى کۆچکردنەوە بزانیت
لە یەکشەممەوە بۆ پێنجشەممە (10ی بەیانی تاوەکو 6ی ئێوارە)
لە هەولێر و دهۆک: 07722037866 یان 07508369216
لە سلێمانی و هەڵەبجە: 07722037867 یان 07503613456
دەتوانیت لەڕێگەى واتسئەپ و ڤایبەر و کورتەنامەوە پەیوەندی بکەیت
سەرجەم پەیوەندییەکان بە نهێنی دەمێننەوە
زۆرێک لە کۆچبەران زانیارییان نییە لەسەر خەرجی گەشتکردن بۆ ئەوروپا. قاچاخچییەکان کۆچبەران بەکاردەهێنن و دەیانچەوسێننەوە، ئەوان بە کۆچبەران دەڵێن کە ڕێگای ئەوروپا سەلامەت و هەرزانە و بەڵێن بە کۆچبەران دەدەن کە لە وڵاتانی تێپەڕبووندا هەلی کاریان بۆ دەدۆزنەوە بەڵام لە ڕاستیدا شتەکە پێچەوانەیە.
قاچاخچییەکان لاوازی کۆچبەرەکان دەقۆزنەوە و داوای پارەى زیاتر دەکەن بۆ گەشتەکەیان تاوەکو بیدەنە خواردن و شوێنی مانەوە یان پێدانی بەرتیل بە بەرپرسەکان. لە هەندێک حاڵەتدا، کۆچبەران بە بارمتە دەگیرێن و داوای سەرانەیان لێ دەکرێت لە بەرانبەر ئازادکردنیاندا.
لە ئێستادا سیستمی “دواتر پارە بدە” بەربڵاوە کە تێیدا کۆچبەر بەپێی هەنگاوەکانى پارە دەدات، ئەو پلانەش زیاتر جێگەى نیگەرانییە و کۆچبەر ڕوبەڕووی چەوسانەوە و بەکارهێنان دەبێتەوە.
سەرباری نەبوونی گەرەنتی لەوەى کە بە سەلامەت دەگەنە شوێنی مەبەست، بەڵام زۆرێک لە کۆچبەران ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن، زۆرجار ناچار دەبن پارە لە ئەندامانی خێزان قەرز بکەن یان خانوو و موڵکەکانیان بفرۆشن.
خەرجییەکان جیاوازن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی نرخی گەشتێک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوروپا نزیکەى شەش هەزار دۆلار تا دەگاتە 20 هەزار دۆلاری تێدەچێت یان هەندێ جاریش زیاتر. جیاواز لە خەرجی گەشتکردن، کۆچبەران پێویستیان بە پارەیە بۆ خواردن و شوێنی نیشتەجێبوون لە ڕێگادا، هەروەها پێویستە سەرانە و بەرتیل بدەن و هەندێجاریش دزییان لێ دەکرێت.
زۆرجار کۆچبەران لە سەرەتای گەشتەکەدا نیوەی پارەکەیان دەدەن و بەڵێن دەدەن لە ڕێگادا یان کاتێک گەیشتنە شوێنی مەبەست نیوەکەی تر بدەن، بەڵام ئەوەش کۆچبەر ڕوبەڕووی چەوسانەوە و بازرگانیکردن دەبێتەوە چونکە قەرزاری قاچاخچییەکان دەبێت.
کاتێک کۆچبەران گەشتەکەیان دەستپێدەکەن، نازانن هەموو گەشتەکە چەندی تێ دەچێت، چونکە قاچاخچییەکان لە ڕێگادا داوای پارەى زیاتر دەکەن یان نرخەکەى گرانتر دەکەن بە بیانووی مەترسی ئەمنی و پاراستنیان.
نەک تەنها پارەکەیان خەرج دەکەن، بەڵکو کۆچبەران دەرفەتی کاریش لەدەستدەدەن لە گەشتەکەدا و چاوەڕێ دەکەن داواکاری مافی پەنابەرییان قبوڵ بکرێت. کۆچبەرانی نائاسایی ئەو پارەیەش لەدەست دەدەن کە لە وڵاتانی خۆیان کۆیان کردووەتەوە.
ئەگەر کۆچبەر بگاتە وڵاتانی دەروازەى ئەوروپا، ئەوە لەوانەیە پێویست بکات بەردەوام بن لە گەشتەکەیان بۆ گەیشتن بە وڵاتی مەبەست، گەشتکردن بۆ ئەوروپا پڕ خەرجییە، بۆ نمونە، کۆچبەرێک بە پڕۆژەى کۆچبەری وت کە قاچاخچییەکان داوای پێنج هەزار دۆلاریان کردووە تاوەکو لە کاڵاسی فەرەنساوە بیگەیەننە بەریتانیا.
خەرجی ژیان لە وڵاتانی ئەوروپا جیاوازە بەڵام بە شێوەیەکی گشتی زۆر زیاتر لە وڵاتانی کۆچبەران. ڕێژەى بێکاری لەناوی کۆچبەرانی نائاسایی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا زۆر بەرزە بۆیە زۆر سەختە لەگەڵ خەرجییەکانی ژیاندا قەرزەکانیش بدرێنەوە. ئەگەر کۆچبەرێک کە مافی پەنابەری وەرگرتبێت بتوانێت سودی لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و تەندروستی و پەروەردە و نیشتەجێکردن وەربگرێت، ئەوە کۆچبەری نائاسایی ئەو مافەى نییە و ناتوانێت سودمەند بێت لەوانە.
زانیاری زیاتر بزانە لەبارەى ژیان لە ئەوروپا بۆ کۆچبەرێک
زۆری چاوەڕواننەکراوی خەرجی گەشتکردنی نائاسایی بۆ ئەوروپا بە شێوەیەکە کە وا لە کۆچبەران دەکات بگەڕێنەوە وڵاتەکانى خۆیان تەنانەت لە نیوە ڕێگاشدا.
زۆر کۆچبەر کە بڕە پارەیەکی زۆریشیان لە گەشتەکەیاندا خەرج کردووە بڕیاریان داوە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان کە ئەوەش هۆکاری بێئاگایی کۆچبەرانە لەبارەى ژیانی ڕاستەقینە لە ئەوروپا پێش ئەوەى دەست بە گەشتەکەیان بکەن.
زۆرجار ئەو کۆچبەرانەشی کە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان لەدوای شکستهێنانیان لە گەشتەکەدا توشی چەند ئاڵنگارییەک دەبنەوە، هەندێک لەوانە شەرم و پەشیمانی دەیانگرێتەوە کە کات و پارەیان لە گەشتەکەدا خەرج کردووە، هەندێکی تر ڕوبەڕووی توڕەیی خێزان و کۆمەڵگەکەیان دەبنەوە، هەندێک لەو کۆچبەرانەی کە چەند ساڵێک لە دەرەوە بەسەر دەبەن ڕوبەرووی سەختی دەبنەوە بۆ دووبارە خۆگونجاندن لەگەل ژیانی وڵاتەکەى خۆیان.