ڕێبەری زارەوە گرنگەکانی کۆچکردن
چەندین هۆکار هەن کە وا لە خەڵک دەکەن بڕیاری قورس بدەن بۆ بەجێهێشتنی نیشتمانەکەیان، هەندێک لەدەستى ستەم و زۆرداری ڕا دەکەن و هەندێکیش بەدوای دەرفەتێکی باشتری ژیاندا دەگەڕێن.
ئایا بیرت لە کۆچکردن کردووەتەوە یاخود پێشتر کۆچت کردووە؟ ئەگەر وایە، تێگەیشتن لە زاراوە گرنگەکانی کۆچکردن یارمەتیت دەدات زیاتر ئاگاداری مافەکانت بیت و بڕیاری دروستتر بدەیت.
تەلەفۆن بۆ شارەزایانی کۆچکردنی ئێمە بکە تاوەکو زیاتر لەبارەى کۆچکردنەوە بزانیت
لە یەکشەممەوە بۆ پێنجشەممە (10ی بەیانی تاوەکو 6ی ئێوارە)
لە هەولێر و دهۆک: 07722037866 یان 07508369216
لە سلێمانی و هەڵەبجە: 07722037867 یان 07503613456
دەتوانیت لەڕێگەى واتسئەپ و ڤایبەر و کورتەنامەوە پەیوەندی بکەیت
سەرجەم پەیوەندییەکان بە نهێنی دەمێننەوە
بەپێی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM)، کۆچبەر “کەسێکە کە سنورێکی نێودەوڵەتی دەبەزێنێت یان بەزاندوویەتی یاخود لەناو وڵاتی خۆیدا ئەو کارەی کردووە دور لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی.” هەرکەسێک ئەو تایبەتمەندییانەى تێدا بێت پێی دەوترێت کۆچبەر بەبێ گوێدانە بارودۆخی یاسایی یاخود ئەوەی ئایا ئازادانە بڕیاری داوە یان نا، هۆکاری کۆچکردنەکەشی گرنگ نییە.
داواکاری مافی پەنابەری کەسێکە کە لە وڵاتی خۆی ڕای کردووە بەهۆی ستەم و چەوسانەوە یان هەڕەشەیەکی جدی و داوای پاراستنی نێودەوڵەتی و پەنابەری دەکات لە وڵاتێکی تر.
مافی داواکارانی پەنابەری بە پەیماننامەى پەنابەریی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 1951 پارێزراوە، بەپێی پەیماننامەکە، تەنانەت ئەگەر لەڕێگەی نائاساییەوە چووبێتە ئەو وڵاتەوە، داواکاری پەنابەری پێویستە ڕێکاری پەنابەریی دادپەروەر و باشی هەبێت تاوەکو بتوانێت ئازادانە داواکەى پێشکەش بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر سەختە بتوانێت مافی پەنابەری بەدەستبهێنێت بەبێ بوونی کەیسی چەوسانەوەی ڕاستەوخۆ یان هەڕەشەی جدی. لە ساڵی 2016دا لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی، کەمتر لە 13%ی داواکاری کۆچبەرانی عێراقی قبوڵ کراون، ئەگەر داواکارییەکی پەنابەریش ڕەتبکرێتەوە، دەبێت ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن چونکە ڕێگە بە هیچ پەنابەرێکی نائاسایی نادرێت مافی پەنابەری نەبێت و لە وڵاتدا بمێنێتەوە.
پەنابەران کەسانێکن کە لەدەستى ململانێی چەکداری یان چەوسانەوە هەڵهاتوون، داواکاری پەنابەری دەبێتە پەنابەر ئەگەر هاتوو داواکاری پەنابەرێتی قبوڵ کرا، واتە ئەوان مافی پەنابەرییان پێدراوە.
بۆئەوەى وەک پەنابەر وەربگیرێن، پێویستە بیسەلمێنن کە لە وڵاتی خۆیان لەژێر هەڕەشەی چەوسانەوە و مەترسی جدیدا بوون بەهۆی جیاوازی ڕەگەزی، ئاینی، نەتەوەیی و لایەنداری.
پەنابەر دەتوانێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لەو وڵاتە بمێنێتەوە کە داواکاریی مافی پەنابەری قبوڵ کردووە، ئەوان مافی پاراستنی نێودەوڵەتییان هەیە.
ئەگەرچی داواکاری پەنابەری یان پەنابەر لەترسی چەوسانەوە و هەڕەشە وڵاتەکەى خۆی بەجێهێشتووە، بەڵام کۆچبەری ئابوری بۆ باشترکردنی بژێوی و باری ئابوری ئەو کارە دەکات. کۆچبەرانی ئابوری بە شێوەیەکی خۆبەخشانە کۆچ دەکەن بۆ وڵاتانی تر بۆ باشترکردنی جۆرێتی گوزەران و ژیانیان. ئەگەر کۆچبەری ئابوری بە شێوەیەکی نائاسایی کۆچ بکات بۆ وڵاتێکی تر، ئەوە دەستگیردەکرێن و دەگەڕێنرێنەوە بۆ نیشتمانی خۆیان. کۆچبەرانی ئابوری زۆرجار مافی پەنابەری نایانگرێتەوە لەژێر پەیماننامەى پەنابەری نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 1951.
ئاوارە (ئای دی پی) یەکێکە بە زۆرەملێ ماڵ و ناوچەی خۆی بەجێهێشتووە و چووە بۆ ناوچەیەکی تر لە هەمان سنوری وڵاتەکەى خۆی. زۆرجار ئاوارە بەهۆی ناکۆکی چەکداری و سەربازی، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ یان کارەساتێکەوە ئاوارە دەبێت جا سروشتی بێت یان مرۆیی.
چەندین دەستەواژەى وەک منداڵی بێیاوەر، منداڵی کۆچبەر، منداڵی کۆچبەری بێیاوەر بەکاردەهێنرێن بۆ ئەو کەسانەى لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوەن و بەبێ یاوەری دایک و باوکیان کۆچیان کردووە، پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان منداڵ بە “مرۆڤی خوار تەمەنی 18 ساڵ پێناسە دەکات.”
کارگێڕی سنور بریتییە لە سیاسەت و یاسا و ڕێکارەکان بۆ ئاسانکاریکردن یان سنوردارکردنی کۆچی مۆڵەتدراو (بازرگانی، کار، خویندنی، یەکگرتنەوەى خێزانی، پەنابەری و .. هتد) یان چالاکییەکانی تری مرۆڤ (گەشتکردن، سەردانی خێزانیی، گەشتی کارکردن و بازرگانی کورتخایەن.. هتد) بۆ وڵاتێکی دیاریکراو. ئەرکی بەرپرسانی کارگێڕی سنور دۆزینەوە و ڕێگریکردنە لە هەر هەوڵێکی کۆچی نایاسایی بۆ چوونەناو وڵات.
بازرگانیکردنی بە مرۆڤ کاتێکە کە کەسێک بە شێوەیەکی نایاسایی و بۆ مەبەستی بەکارهێنان و چەوسانەوە لەناو وڵاتی خۆی یان دەرەوەی وڵات مامەڵەى پێوە دەکرێت. ئەگەر کەسەکە هەڕەشەی لێکرا بێت، ڕفێنرابێت، فریودرا بێت یاخود خەڵەتێنرابێت، سوکایەتی پێکرابێت یان بەڵێنی پارە و قازانجی پێدرابێت، ئەوە وەک قوربانی بازرگانیکردنی بە مرۆڤ دەناسرێت.
قاچاخچییەتی بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندی بە هاوکاریکردنی خەڵک هەیە بۆئەوەى بە شێوەیەکی نایاسایی سنورەکان ببەزێنێت، گرنگ نییە ڕوبەرووی سوکایەتی و دەستدرێژیی و چەوسانەوە بوو بێتنەوە یان نا. قاچاخچییەکان ئەو تاوانبارانەن کە کاریان ئاسانکارییە بۆ دەربازبوونی خەڵک لە سنورەکانەوە.
وڵات و نیشتمانی ڕەسەنی کەسێک شوێنێکە کە بە گشتیی تێدا دەژی جار ئیتر هاوڵاتی ئەو وڵاتە بێت یاخود نیشتەجێ.
وڵاتی تێپەڕبوون (گوزەرکردن) بریتییە لەو وڵاتەی کە کۆچبەر پێیدا تێپەڕدەبێت لە گەشتەکەیدا بۆ ئەو وڵاتەی کە دەیەوێت پێی بگات. زۆرجار لەوانەیە بۆ چەند ڕۆژێک، چەند مانگێک یان ساڵانێک لەو وڵاتانە بمێننەوە یاخود هەرگیز نەگەنە وڵاتی مەبەست.
وڵاتی مەبەست شوێنێکە کە کۆچبەر دەیەوێت لە کۆتاییدا پێی بگات، زۆرێک لە کۆچبەران هەرگیز ناگەنە وڵاتانی مەبەست، زۆرجار لە وڵاتی تێپەڕبوون گیردەخۆن یاخود دیپۆرتی وڵاتەکەى خۆیان دەکرێنەوە.
نمونەیەک بۆئەوەى باشتر تێبگەین، ئەگەر کەسێک نیشتمانی خۆی کە هەرێمی کوردستانی عێراقە بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەى لە یۆنان نیشتەجێ ببێت، پێویستە بە تورکیادا بڕوات، بۆیە وڵاتی ڕەسەن بریتییە لە عێراق، تورکیا دەبێتە وڵاتی تێپەڕبوون و یۆنانیش دەبێتە وڵاتی مەبەست.
کۆچبەری گەڕاوە کەسێکە کە لەدوای کۆچکردن گەڕاوەتەوە وڵاتێکەى خۆی جا ئیتر بە زۆرەملێ بێت یان خۆبەخشی.
گەڕانەوەی خۆبەخشانە گەڕانەوەى کۆچبەرێکە بۆ وڵاتەکەى خۆی یان هەر وڵاتێکی تر بە خواستی خۆی، گەڕانەوەى خۆبەخشانە لەوانەیە بە هاوکاری بێت یان سەربەخۆ. گەڕانەوەى خۆبەخشانەى هاوکاریکراو کاتێکە کە کۆچبەر لەڕووی کارگێڕی و دارایی و کۆمەکەوە هاوکاری کرابێت بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمانی.
گەڕانەوەى زۆرەملێ بریتییە لە گەڕانەوەی بەزۆری کۆچبەرێک بۆ وڵاتەکەى خۆی یاخود وڵاتێکی تر. گەڕانەوەى زۆرەملێ لە دەرئەنجامی ڕێکارە کارگێڕی و یاساییەکان ڕوودەدات، دیپۆرتکردنەوەش جۆرێکە لە ناردنەوەى زۆرەملێ
گەڕاندنەوە مافێکی تایبەتی پەنابەر، دیلی شەڕ، یان زیندانیکراوێکە بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەى خۆی لەژێر چەند بارودۆخێکی تایبەتدا.هەروەها گەڕانەوەى بەرپرسان و کۆچبەرانیشە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. بۆ کۆچبەرێکی کوردی عێراقی، گەڕاندنەوە بریتییە لە گەڕانەوەى بۆ عێراق.
جێگۆڕکێ واتە ڕاگواستن یان بردن و تێکەڵکردنی کۆچبەر بە شوێنێکی تر کە زۆرجار وڵاتێکی ترە تاوەکو پارێزراو بێت لە هەڕەشە و چەوسانەوەى ڕاستەوخۆ، زۆرجار ئەو وڵاتەى کە بۆی دەچێت مافی پەنابەری هەمیشەیی دەداتێ.