ژیان لە ئەوروپا بۆ کۆچبەرێکی کورد
زۆرێک لە کۆچبەرانی نائاسایی دەست بە گەشتەکەیان دەکەن بەرەو ئەوروپا بە ئومێدی بنیادنانی داهاتوویەکی باشتر، بەڵام زۆرجار ژیانی ڕاستەقینە زۆر جیاوازترە و زۆربەیان ئاگادار نین لەو ئاڵنگارییانەى کە لەدوای گەشتنیان بە ئەوروپا ڕوبەڕوویان دەبێتەوە. هەموو مانگێک، چەندین کۆچبەر لەدوای خەرجکردنی پارەیەکی زۆریش لە گەشتەکەیان، بڕیار دەدەن بگەڕێنەوە بۆ نیشتمان و ئەوروپا بەجێبهێڵن. تەنها لە ساڵی 2016دا، نزیکەى 13 هەزار کۆچبەر لە ئەوروپاوە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق. زیاتر بخوێنەوە بۆ بینینی زانیاری لەبارەى ژیان لە ئەوروپا وەک کۆچبەرێک یان داواکارێکی مافی پەنابەری.
تەلەفۆن بۆ شارەزایانی کۆچکردنی ئێمە بکە تاوەکو زیاتر لەبارەى کۆچکردنەوە بزانیت
لە یەکشەممەوە بۆ پێنجشەممە (10ی بەیانی تاوەکو 6ی ئێوارە)
لە هەولێر و دهۆک: 07722037866 یان 07508369216
لە سلێمانی و هەڵەبجە: 07722037867 یان 07503613456
دەتوانیت لەڕێگەى واتسئەپ و ڤایبەر و کورتەنامەوە پەیوەندی بکەیت
سەرجەم پەیوەندییەکان بە نهێنی دەمێننەوە
داواکاری مافی پەنابەری کەسێکە کە لە وڵاتی خۆی هەڵهاتووە بەهۆی چەوسانەوە یان مەترسییەکی جدی و داوای پاراستنی نێودەوڵەتی یان مافی پەنابەری لە وڵاتێک دەکات. زانیاری زیاتر وەربگرە لەبارەى داواکاری پەنابەری و گرنگترین زارەوەکانى کۆچکردن.
ڕێکارەکانى پەنابەری لە وڵاتانی ئەوروپا جیاوازە و پشت بە یاسایی نیشتمانی ئەو وڵاتە دەبەستێت، هەرچۆنێک بێت، یاسای پەنابەریی یەکێتی ئەوروپا ئەندامانی یەکێتییەکە ناچار دەکات کە پێویستە مافی داواکاری پەنابەری بپارێزن، واتە، پێویستە هەموو کەسێک دەرفەت و پڕۆسەى پێشکەشکردنی مافی پەنابەری پێ بدرێت و دەبێت وڵاتان شوێنی نیشتەجێبوون و پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ کۆچبەر دابین بکەن، لە هەندێک حاڵەتدا، داواکاری پەنابەری وەسڵی پارەیان پێ دەدرێت بەڵام زۆر بە کەمی پارەى کاشیان پێ دەدرێت.
پڕۆسەى پێشکەشکردنی داواکاری پەنابەری کاتێکی زۆری پێدەچێت، هەرچەندە زۆربەى وڵاتان هەوڵ دەدەن لە ماوەى شەش مانگدا کەیسەکان تەواو بکەن، بەڵام زۆرجار کاتەکە درێژ دەکەنەوە بەتایبەت کاتێک کە داواکارییەکی زۆر پێشکەش کرابێت.
دەکرێت پڕۆسەى پەنابەری سەخت و ئاڵۆز بێت، لەکاتێکدا هەندێک لە داواکارییەکان سەرکەوتوو دەبن، بەڵام ئەوانی تر ڕەتدەکرێنەوە کە ئەوەش کۆچبەر ناچار دەکات ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن کە داوای مافی پەنابەری تێدا کردووە، لە هەندێک حاڵەتدا، ئەوان دەخرێنە ناوەندەکانى دەستبەسەرکردن هەتاوەکو دەگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتانى خۆیان، ئەو کەسانەى داواکارییەکەیان ڕەتکراوەتەوە دەتوانن تانە لە بڕیارەکە بدەن.
ئەو کەسانەشی داواکارییەکانیان قبوڵ دەکرێت، مۆڵەى هەمیشەییان پێ دەدرێت و دەتوانن لە ماوەیەکی دیاریکراودا کار بکەن هەتا ئەو کاتەى چاو بە کەیسەکانیاندا دەخشێنرێتەوە.
کۆچبەرانی ئابوری ئەوانەن کە دەچنە وڵاتێکی ترەوە بۆ باشترکردنی باری ئابورییان، ئەوان مافی پەنابەرییان پێ نادرێت و ناشتوانن لە ئەوروپا بمێننەوە ئەگەر بە شێوەیەکی نائاسایی گەشتی ئەوروپایان کردبێت. زۆرێک لە کۆچبەرانی ئابوری سەردانی ئەوروپا دەکەن چونکە پێیان وایە دەتوانن پارەى زیاتر بەدەستبهێنن، بەڵام دواتر بە تەواوی ناتوانن قەرزەکانیان بگەڕێننەوە و پارە بۆ خێزانەکانیان بنێرنەوە و هاوکارییان بکەن.
هەرچەندە هەندێک لە کۆچبەران سەرکەوتوو دەبن لە دۆزینەوە کار لە دەرەوە، بەڵام ئەوانی تر توشی ئاڵنگاری سەخت دەبن لە چوونەناو بازاڕی کار و دۆزینەوە کار.
بازاڕی دامەزراندنی ئەوروپی زۆر فەرمییە، ئەوانەى بەدوای کاردا دەگەڕێن پێویستە بەڵگەنامەى فەرمییان هەبێت وەک پاسپۆرت، ڤیزای کار یان دیبلۆماسی تاوەکو بتوانن کار بدۆزنەوە. کۆمپانیاکان ناتوانن کار بدەن بەو کەسانەى کە مۆڵەتی کارکردنیان نییە، چەند ئاژانسێکی پاراستنی یاسا هەن کە پشکنینی بەردەوام دەکەن بۆئەوەى دڵنیاببنەوە کە کۆمپانیاکان ئەو کەسانە دانامەزرێنن کە بەڵگەنامەى فەرمییان نییە.
ڕێژەى بێکاری لە هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی زۆر بەرزە، بە تایبەت لەناو ئەو گەنجانەى کە ئەزمونی کار و بڕوانامەى خوێندن و شارەزاییان کەمە. زۆرجار کۆچبەران شارەزایی تەواویان نییە بۆ بەدەستهێنانی کار لە ئەوروپا چونکە سروشتی کارکردن لە ئەوروپا زۆر جیاوازترە لە شێوازی کارکردن لە وڵاتانی خۆیان، هەروەها کۆمپانیاکانى ئەوروپا دان بەو جۆرە شارەزاییانەدا نانێن، بۆیە بۆئەوەى کارێکت دەستبکەوێت پێویستە بتوانیت زمانی ئەو وڵاتە بزانیت و قسەى پێ بکەیت.
تەنانە ئەو کۆچبەرانەشی کە مۆڵەتی کارکردنیان هەیە و لە وڵاتێکیشدان کە ڕێژەى بێکاری تێیدا نزمە، دەستکەوتنی کار سەختە، ئەڵمانیا ئابورییەکی بەهێزی هەیە و لە ساڵی 2018دا ڕێژەى بێکاری تێیدا 5% بوو، بەڵام ڕێژەکە لەناو کۆچبەراندا 40% بووە.
لەکاتێکدا پارە و موچەى کارکردن لە ئەوروپا زیاتر لە کارکردن لە وڵاتانی کۆچبەرانی وەک عێراق، بەڵام خەرجی ژیانیش زۆر بەرزە، خەرجی ژیانی ڕۆژانە لە ئەوروپا وەک نیشتەجێبوون، گواستنەوە و خواردن زۆر بەرزن، بۆ نمونە، لە ساڵی 2018دا، هەر خێزانێکی بەریتانی هەفتانە 735 دۆلاری خەرجکردووە. زانیاری زیاتر وەربگرە لەبارەى مەترسییە داراییەکانى کۆچی نائاسایی.
بەپێی یاسای یەکێتی ئەوروپا، داواکاری پەنابەری شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ دابین دەکرێت، هەرچەندە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو کەسانە باری دارایی سەر شانیان سوک دەکات، بەڵام هێشتا ڕوبەڕووی چەند ئاڵنگارییەکی تر دەبنەوە، زۆرجار داواکارانی پەنابەری هیچ هەڵبژاردنێکیان نییە لەکوێ دەژین یان بۆ کوێ دەنێردرێن یان زۆرجار لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوازرێنەوە، هەندێکیان لە ناوچە دورەدەستەکان شوێنی نیشتەجێبوون وەردەگرن و دورن لەو هاوڕێ و خزمەکانیان کە لەوانەیە لەو وڵاتەدا هەبن، بۆیە لە ئەنجامدا، زۆرێک لە کۆچبەران هەست بە تەنهایی دەکەن، هەرکاتێکیش مافی پەنابەرییان وەرگرت، چیتر ڕێگەیان پێنادرێت لە ناوەندەکانى دەستبەسەرکردندا بمێننەوە و پێویستە خۆیان شوێنی نیشتەجێبوون دابین بکەن.
هاوکاری نیشتەجێبوون کۆچبەرانی نائاسایی ناگرێتەوە، واتە ئەوان خۆیان بەرپرسیارن لە دۆزینەوەی شوێنێک کاتێک کە دەگەنە ئەوروپا، لەکاتێکدا شوێنی نیشتەجێبوونی حکومی لە وڵاتانى ئەوروپی زۆر کەمە، کۆچبەران ناچارن ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوون بە کرێ بگرن، ئەوەش زۆر گرانە و کۆچبەر توشی چەوسانەوە و بەکارهێنان دەکاتەوە لەلایەن خاوەن موڵکەکان کە خزمەتگوزارییەکی زۆر کەم دەدەن لە بەرانبەر نرخێکی زۆر بەرزدا.
زۆرێک لە کۆچبەران ڕێگای زۆر مەترسیدار دەگرنەبەر بۆ ئەوروپا و سەلامەتی و تەندروستی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، زۆرێک لە کۆچبەرانی نائاسایی و داواکارانی پەنابەری کە دەگەنە ئەوروپا پێویستی زۆریان بە کۆمەکی تەندروستی و هاوکاری دەرونی دەبێت.
داواکارانی پەنابەری و کۆچبەرانی نائاسایی ڕوبەڕووی ڕێگری دەبنەوە لە سودمەندبوون لە خزمەتگوزارییە تەندروستییە گشتییەکان لە زۆربەى وڵاتانی ئەوروپا، زۆرجار کۆچبەرانی نائاسایی کاتێک دەتوانن سودمەندبن لە خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی کە حاڵەتێکی لەناکاو یان کێشەیەکی تەندروستی مەترسیداریان هەبێت، ئەگەرنا، دەبێت پارە بدەن بۆ چارەسەری تەندروستی و زۆرجاریش پارەیەکی زۆری دەوێت.
بە شێوەیەکی ئاسایی، خوێندنی لە زانکۆ ئەوروپییەکاندا بەخۆڕایی نییە، ئەگەر هەندێک لە کۆچبەران بتوانن سودمەندبن لە سکۆلارشیپ و ڤیزای خوێندن بۆ ئەوەى لە ئەوروپا بخوێنن، ئەوە زۆرێک ئەو چانسەیان نییە و پێویستە پارەیەکی زۆر بدەن بە زانکۆکان، ئەوەش مافی بەدەستهێنانی شارەزایی و لێهاتووی سەختتر دەکات بۆئەوەى کارێکی باش و چاکت دەستبکەوێت، لە ئەنجامدا زۆرێک لە کۆچبەران بە سەختی دەتوانن پارەى تەواو بەدەستبخەن بۆ تەواوکردنی خوێندنەکانیان. زانیاری زیاتر وەربگرە لەبارەى جێگرەوە یاساییە سەلامەتەکان.
ئەو کۆچبەرانەى لە وڵاتانی خۆیان خوێندوویانە پێویستە بەڵگەى فەرمی لە ناوەندە ئەکادیمییەکەى خۆیەوە بهێنێت بۆئەوەى بیسەلمێنێت کە لێهاتووە بۆ بەدەستهێنانی کار، زۆرێک لە خاوەن کارەکان متمانە بە بڕوانامە بیانییەکان ناکەن بەڵام کۆچبەران دەتوانن پارە بدەن بۆ وەرگێڕانی بڕوانامەکانیان بۆئەوەى لە ئەوروپا متمانەى هەبێت.
تێکەڵاوبوون لەناو کۆمەڵگەى ئەوروپیدا پڕ ئاڵنگارییە، هەرچەندە هەندێک لە کۆچبەران خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ ژیانی نوێ، بەڵام ئەوانی تر کێشەى تێکەڵابوون و فێربوونی زمان و بەها کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە، زۆر خێزانەکان پێیان سەختە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ کلتوری نوێ و هەوڵ دەدەن بەها کلتورییەکانی وڵاتانی خۆیان بپارێزن.
هەندێک لە کۆچبەران ئومێد دەکەن خێزانەکانیان بهێنن بۆ ئەوروپا کاتێک مافی پەنابەری یان مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان پێ دەدرێت، هەرچەندە هەندێک لەو داواکارییانە سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام پڕۆسەى یەکگرتنەوەى خێزانی دەبێت بە ڕێکارێکی درێژ و ئاڵۆزدا بڕوات. زانیاری وەربگرە لەبارەى یەکگرتنەوەى خێزانی.
لەوانەیە هەندێک لە کۆچبەران لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ئەوروپاوە دەستگیربکرێن و بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان ئەگەر هاتوو مافی پەنابەری نەیگرتنەوە یاخود بە ڕێگای ڤیزای ساختەوە داخڵی ئەوروپا بوو بن.
زۆر قورس دەبێت بۆ کەسانى گەڕاوە کە جارێکی تر خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگەى وڵاتەکەیان بگونجێننەوە بەتایبەت دوای ئەوەى چەند ساڵێک لە دەرەوە بەسەر دەبەن، ئەوان توشی چەندین کێشە دەبن.
کاتێک هەوڵی کۆچکردنی نایاسایی شکست دەهێنێت، کۆچبەران هەست بە پەشیمانی دەکەن، زۆرجار دەوترێت کە خزمەکانیان لێیان توڕە دەبن بەهۆی ئەوەى کات و پارەیان خەرجکردووە لە گەشتێکی سەرنەکەوتوودا.
لە پایز و زستانى ٢٠٢١دا، هەزاران کەس – کە بەشێکى زۆریان لە عێراقەوە هاتوون هەروەها وڵاتانى دیکە وەکو سوریا و ئەفغانستان – هەوڵیانداوە کە سنوورەکانى بیلاروسیا ببڕن و بگەن بە وڵاتانى ئەوروپى وەکو پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتیڤیا. بەڵام زۆرێک لەوانەى هەوڵیانداوە بگەن بە پۆڵەندا و لیتوانیا ڕێگەیان پێنەدراوە داخڵ ببن و گەڕێندراونەتەوە بۆ بیلاروسیا. ئەوەش بووەتەهۆى ئەوەى کە هەزاران کۆچبەر لە خاکى نێوان ئەو وڵاتانەدا گیربخۆن، لەدۆخێکى زۆر دژاوردا دەژین، تەنانەت ژیانێکى پڕچەرمەسەرى و مەرگ ئاسایان هەیە.بەپێى ڕیکارە نوێیەکانى یەکێتى ئەوروپا، دەکرێت کۆچبەران لە کامپە داخراوەکانى نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا بۆماوەى ١٦ هەفتە دەستبەسەر بکرێن تاوەکو کەیسەکانیان هەڵسەنگاندنى بۆدەکرێت و بڕیارى لەسەر دەدرێت.